بەشێک لە کێشە و گرفتی کارگەکانی هەرێمی کوردستان

بەشێک لە کێشە و گرفتی کارگەکانی هەرێمی کوردستان

جەلال سەید کەریم گەڕاوی

دامەزراندن و بەگەڕخستنی کارگە لە هەر وڵاتێک (بەتایبەتی کارگە خۆراکییەکان) زامنی دابینکردنی ئاسایشی ئابووری وڵات و ئاماژەی بەردەوامبوونی کشتوکاڵ و بەردەوامی ژیانی جوتیاران و خستنەسەرکاری هەزاران کارمەند و کرێکارن، جگە لەوەی ئەو بەرهەمانەی کە لە ناوخۆی وڵات بەرهەم دێن بەردەوام لە ژێر چاودێری لیژنە جیاوازەکانی تەندروستی و قایمقامیەت دان و بە گشتی کوالیتیان بەرزترە لە بەرهەمی هاوردەکراو.

هەموان دەزانین لە وڵاتێکی وەکو عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) بە هۆی جەنگە بەردەوامەکانی (عێراق – ئێران ، داگیرکردنی وڵاتی کوەیت، ڕاپەڕینی گەلی عێراق و کورد، شەڕی ناوخۆ، ڕووخانی ڕژێم، …هتد ) کەرتی پیشەسازی و کارگەکان زیانی زۆریان بەرکەوت و بە سەدان کارگە لە کارکەوتوون بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان سەر بە کەرتی تایبەتن و ئەوەی ماوەتەوە و بەردەوامە لە کارکردن دەتوانین بڵێین خاوەن کارگە بە مکوڕی و کۆڵنەدان (بە کوردییەکەی بە چاو قایمی خۆی) بەردەوامە لەسەر کارەکەی بێ ئەوەی سوودمەند بێت لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی.

لێرەدا زۆر بە گوشراوی باسی بەشێک لەو کێشە و گرفتانە دەکەم کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕووبەرووی خاوەن کارگەکانی کەرتی تایبەت و پیاوانی کار و پیشەساز دەبێتەوە لە هەرێمی کوردستان:

1- کارکردن لە ژینگەیەکی کاری خاوەن ژێرخانی ئابووری داڕماوی پاشماوەی قەیران و جەنگەکان، هەروەها لە هەرێمێکی سنوورکراوە بەڕووی وڵاتانی دراوسێی خاوەن بەرژەوەندی کە هەرێمی کوردستان تەنها وەکو شوێنێکی ساغکردنەوەی کاڵاکانیان دەبینن.

2- پشتبەستن بە تەکنولوژیای کۆنی کارکردن و خاوبونەوەی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و زیادبوونی خەرجییەکان لەسەر خاوەن کار.

3- لاوازی وەگەڕستنی پارە لە سەرمایەی کار و کارگەکان لە کەرتی تایبەت و ڕووکردنە بازرگانی و چوونە دەرەوی بە لێشاوی دراو بۆ کڕینی کاڵای وڵاتان و بەهێزکردنی ئابوری و کارگەکانیان.

4- ڕکابەریی بەهێزی بەرهەمی هاوردەی پاڵپشتیکراو لەلایەن وڵاتانی هەناردەکارەوە کە بە نرخێکی کەمتر دەگاتە دەستی هاوڵاتیان (زۆر جار بێ گوێدانە کوالێتی بەرهەمەکان).

5- نەبوونی سیاسەت و ستراتیژی ئابووری و پیشەسازی ڕوون و کارانەکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی بەروبومی خۆماڵی.

6- بوونی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی کەرتی پیشەسازی کە ڕێگرن لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەواو بۆ کارگەکان و ئاسانکاری بۆیان بەتایبەتی سەبارەت بە (تەرخانکردنی زەوی و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی، لێخۆشبوونی گومرگی، کارەبا و سووتەمەنی پاڵپشتیکراو، هاندان بۆ هەناردەکردنی بەرهەم بۆ دەرەوەی وڵات ، ….هتد).

7- نەبوونی سیاسەتێکی بانکیی یەکگرتوو و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بە تایبەتی پارەدارکردن و قەرز و حەواڵە.

8- ڕۆتینی ئیداری زۆری بەشیک لە فەرمانگەکان بە تایبەتی سەبارەت بە دەرهێنان یان تازەکردنەوەی مۆڵەتی کارگە کە وای کردووە چەندین خاوەن کارگە سەری خۆیان هەڵگرن و بە خۆیان وسامان و ئەزموونی کار و کارگەکانیانەوە و سەر بکەن بە ماڵی دۆست و دوژمن دا.

9- لاوازی هەستی نیشتیمانی لای هاوڵاتیان (کە لە ڕاستیدا زۆربەیان جێی گلەیی نین چونکە بێ موچەیی و قەیرانەکان ناچاریان دەکات بە دوای بەرهەمی هەرزان دا بگەڕێن) بەڵام ئەوانەی کە توانای داراییان باشە بەداخەوە گوێ نادەن بە ئازار و مەینەتی خاوەن کارگەکان کە لە ڕاستیدا سەدان و هەزاران هەلی کاریان بۆ ڕۆڵەکانی نیشتیمان ڕەخساندووە و ئابووری وڵات دەپارێزن لە داڕمان بەتایبەتی لە قەیران و جەنگەکاندا کاتێک مەرزە سنوورییەکان دادەخرێن و حکومەت و بازرگانەکان دەستەوستان دەمێنن لە دابینکردنی کاڵای پێویست بۆ هاوڵاتیان.

May be an image of 1 person and text

Share: