یادکردنەوەیەکی جیاواز بۆ ڕۆژی ژینگەی کوردستان

یادکردنەوەیەکی جیاواز بۆ ڕۆژی ژینگەی کوردستان

نوسینی
جەلال سەید کەریم گەڕاوی

زۆربەمان ئەو ڕاستییە دەزانین کە ڕۆژی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە 16ی نیسانی هەموو ساڵێکەوە.
ئەم ڕۆژە فەرمییە کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دیاری کراوە، لە بنەڕەتدا یادی هێرشەکانی چەکی کیمیاییە بۆ سەر دۆڵی بالیسان و خۆشناوەتی.
ئامانجی سەرەکی یادکردنەوەی ڕۆژەکە بریتیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەیی و زیادکردنی فەزای سەوزایی و بەرەنگاربوونەوەی پیسبوون.
لەم ڕۆژەدا بۆنەی جیاواز و هەڵمەتی بەرفراوانی نەمام چاندن لە شارە جیاوازەکان دا سازدەکرێن.

ئێمە لە کارگەی بەهار بە شێوازێکی جیاواز یادی ئەم بۆنەیە ئەکەینەوە ، ئەویش بە ڕاگەیاندنی پرۆژەی (سوودوەرگرتن لە پاشماوەی بەرهەمەکانی کارگەی بەهار بۆ پاراستنی ژینگە) .
نمونەیەکی زیندووی ئەم پرۆژەیە بریتییە لە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی زەیتەکان کە بەشێکیان دەکەین بە ئاردێکی تەندروست بۆ دروستکردنی نان (لە ئاردی گوێزهندی، بادەمی شیرین، کونجی، کەتان، …هتد).
گرنگیی ئەم جۆرە لە ئارد و نان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پرۆتینی (گلوتین Gluten) تێیدا کە کەسانێک هەستیاریان پێی هەیە و لە ئاردی گەنم و جۆدا هەیە.

هەروەها بەشێکی تر لە پاشماوەی زەیتەکان تێکەڵ بە ئاڵف (علف) ی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان دەکرێن بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە پرۆتینی کوالێتی بەرزی ڕووەکی و ڕیشاڵی بەسوود.

جگە لەم نموونانە، پاشماوەی سرکەکان (وەکو تڵپی سێو و ترێ و هەنار و توو و خورما و …هتد) و ئاوتکە گیاییەکان (نەعنا، گوڵەباخ، ڕۆزماری، …هتد) دوای گوشینیان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کۆمپۆست و بیتمۆس سوودیان لێ وەربگیرێت.

کەواتە ئێمە بە پاکڕاگرتنی ژینگە و دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی بەرهەمەکان و کرداریی (نەک تەنها بە قسە) یادی ئەم ڕۆژە ئەکەینەوە و ژینگەی کوردستان بە پاکوخاوێنی دەپارێزین و بەهەدەردانیش کەم دەکەینەوە.

هاوبەشکردن: